لە ڕۆژی سی مانگی نۆڤەمبەر نووچە و هەواڵی مەرگی یەکێک لە داڕێژەران و دامەزرێنەرانی سیاسەتی دەرەوەی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کەسایەتی ئەوتۆ و باندۆر بەسەر گۆڕانکاری و پەیوەندییە نێونەتەوەیییەکانی دونیا لە سەردەمی شەڕی سارددا، لە میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی جیهاندا بڵاو کرایەوە.
هێنری کیسینجەر جووڵەکەی بە ڕەچەڵەک ئاڵمانی کە وەکوو زۆرێک لە جووەکانی تری ئەورووپا پاشەڕۆژ و ژیانیان پاش ئاشکرا و ڕابوونی نازییەکان بە سەرۆکایەتی هیتلەر گۆڕانی بەسەردا هات، لە هەڕەتی میر منداڵیدا لەگەڵ ماڵباتەکەیدا بەرەو ئەمریکا کۆچی کرد و لە نیویۆرک و گەڕەکێکدا کە زۆرینەی دانیشتووانی کۆچبەرانی جووڵەکە بوون، نیشتەجێ بوو.
هاوکات لەگەڵ سەرکەوتنی ڕیچارد نیکسۆن ۳۷ مین سەرۆککۆماری ئەمریکا لە بەرە و حیزبی کۆماریخواز لە هەڵبژاردنەکانی١٩٦٨ زایینی، کیسینجەری خولیای پلە و پایە، وەکوو ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی دانرا و وردە وردە ئەستێرەی بەختی درەوشایەوەو ناوبانگی لە پێگەی یەکێک لە داڕێژەرانی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا، لەنێو دونیای سیاسەت و ڕامیاریدا دەنگی دایەوە و نێوی بە زۆرێک لە ڕووداو و پێشهاتە گرنگەکانی جیهان لە دەیەی حەفتای سەدەی پێشوودا هەڵپێکرا.
کۆتایی هێنان بە دەستتێوەردانی چەکداری ئەمریکا لە شەڕی ڤێتنامدا، چالاکی سەرکەوتووانەی بۆ دەست پێکردنەوەی پەیوەندی دیپلۆماسی ئەمریکا لەگەڵ چینی مائۆییستدا، بە کەڵک وەرگرتن لە مژاری دووبەرەکی نێوان ئۆردوگای کۆمۆنیستەکان (چین و ڕووسیا)، دیداری نیکسۆنی سەرۆککۆمار لەگەڵ چووئێن لای و مائۆ زدۆنگ و واژۆی ڕێکەوتنی کەم کردنەوە و بەرتەسک کردنی ڕێژەی بەرهەم هێنانی مووشەکی بالێستیکی (S.A.l.T) لەگەڵ یەکیتی سۆڤیەتی سەردەمی برێژنێڤ، بۆردوومانی کامبوج، دەستتێوەردان و پشتگری ئەمریکا لە کوودەتای چەکداران لە شیلی لە ساڵی ۱۹۷۳، پشتیوانی لە کوشتن و سەرکوتی خەڵکی مەدەنی لە لایەن هێزە ئەمنی و چەکدارانی ئارژانتینەوە، پاڵپشتی پاکستان لە شەڕە خوێناوییەکانی جیابوونەوە لە بەنگلادیش و پشتیوانی ڕاشکاوانە لە ئیسرائیل لە شەڕی یەوم کیبۆر (ڕۆژی پشوو) لەگەڵ عەرەبەکاندا و هەوڵدان بۆ کۆتاییهێنانی شەڕی نێوانیان لە ساڵی ۱۹۷۳، دۆستایەتی و هاوپەیمانی تۆکمە لەگەڵ شای ئێراندا و پێسپاردنی ژاندارمی ناوچەکە و فرۆشتنی چەن ها ملیار دۆلار چەک و تەقەمەنی بە ئەو، هاندان و پشتگری نهێنییانەی لە ڕاپەڕینی کوردەکانی باشووری کوردستان بە سەرۆکایەتی مەلا مستەفای بارزانی و پشت تێکردن و تەنیا هێشتنیان لە ئەستەمترین کاتەکاندا، بەشێک لە ڕامیاری و سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا لە سەردەمەکانی شەڕی سارد دایە کە ئەم دیپلۆماتکارە لەخۆبایی و باندۆرەی ئەمریکایی -ئەڵمانیە لە داڕێژان و بە ئاکام گەیشتنیان ڕۆڵی کاریگەر و ئەساسی هەبووە.
کیسینجەر داڕیژەر و و هۆکاری سەرەکی ئەم هەموو گۆڕانکارییانیە لە سەردەمانی ئامادەبوونی فەرمی خۆیدا لە چەقی دەسەڵاتی سیاسی ئەمریکا -لە ساڵی ۱۹٦۸ هەتا ۱۹۷۷ وەک بەڕیوەبەری دوو پۆستی گرنگی «ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی و «وەزیری کاروباری دەرەوە» لە سەردەمی هەر دوو سەرۆک کۆمار نیکسۆن و فۆرد دایە. لە دەیەکانی دواتر و هەتا کوتا ڕۆژەکانی ژیانی لە هەوڵ و تێکۆشان بۆ دەستەبەرکردنی داخوازی و بەرژەوەندییەکانی وڵاتەکەی و هاوپەیمانەکەی واتا ئیسرائیل وچانی نەدا. و سەرەڕای نووسینی چەندین کتێب و سەدان وتاری پسپۆڕانە، بە بنیاتنانی کۆمپانیایەک بۆ پێشکەشکردنی مژاری ڕاوێژکاری بە سەرجەم سەرۆککۆمارەکانی ئەمریکا – بە بی ڕەچاوکردنی پێگەی حیزبیان ئامۆژگاری و ڕاوێژی پی دەدان – بە چەشنێک باندۆر و کاریگەر بوو کە جۆرج بۆش مەرگی ئەوی بە «کوژانەوەی یەکێک لە گرنگترین و ڕەساترین دەنگەکان لەنێو سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا چوواند.» ئەم ڕادە لە باندورێتی هاوڕێ لەگەڵ پلەخوازی و خۆباییبوون، بووەتە هۆکاری لێکدانەوەی جیاواز و جاری واش دژبەر لە سەر کە سایەتی و کارنامەی.
سیاسەتوانان و دیپلۆماتکارانی لایەنگری کیسینجەر، ئەو وەکوو دیپلۆماتێکی هەڵکەوتوو و بێ وێنە پێناسە دەکەن، پارێزەران و چالاکوانانی مافی مرۆڤ وەکوو سیاسەتوان و دیپلۆماتیکی دڵڕەق، گومانلێکراو، تێکەلاو بە تاوانە جەنگییەکان ناو دەبەن.
بەڵام بۆ نەتەوەی کورد و کوردەکان ئەو وەکوو هێمای ڕاشکاوانەی نائاکاری و پلە ویستی و هەلپەڕەستییە لەنێو سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوین دایە، کە نێوبانگی لەگەڵ تێکچوون و نسکۆی خوێناوی ڕاپەڕینی کوردەکان بەرامبەر بە دەسەڵاتی بەعسی عێراق لە ساڵی ۱۹۷٥ زایینیدا گرێ دراوە. هەروەها کە «لاری ئۆرێست»کەسایەتی چەپ لەنێو پەرتووک و کتێبی «نەوت، هێز، ئیمپراتۆری – عێراق پرۆگرامی جیهانی ئەمریکادا» لە بەشی کوردستانی ئەم پەرتووکەدا زۆر چڕ و پڕ و ڕێکوپێک بەسەرهاتی خیانەتی شا و ئەمریکا لەئاست کوردەکاندا شرۆڤە دەکات. ئەو پێی وایە هاوکات لەگەڵ بوونی کیسینجەر لەسەر کورسی داڕێژەری سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا، کوردەکان بە سەرۆکایەتی بارزانی پاش ساڵانێک شۆڕش و بەرخودان لە ۱۱ مارسی ۱۹۷۰ زایینی توانیان ڕێکەوتنێک بەسەر دەوڵەتی بەعسی عێراقدا بسەپێنن و سەددام حوسێن بەو قەناعەتە بگەیەنن تا ڕێکەوتنێک سەبارەت بە پێکهاتن و دامەزراندنی ناوچەیەکی خودموختار لەنێو کوردستاندا و بە فەرمی ناساندنی بەشێک لە مافی نەتەوەیی و چاندی کوردان لە عێراقدا، واژۆ بکات.
بە پێی ڕێکەوتنی١٩٧٠ مافی کوردەکان لە ڕووبەرێکی بەرفراواندا و بەراورد لەگەڵ دوو هاوپەیمانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا واتا تورکیا و ئێران و بە چەشنێکی یاسایی پێداگری لەسەر کرا.
مەیلی بەعسییەکان بۆ نزیکبوونەوە لە یەکیتی سۆڤیەت و واژۆی گرێبەستی برایەتی و هاوپەیمانەتی لەگەڵ ئەم زل هێزەدا لە ساڵی ۱۹۷۲ لە لایەکەوە و هاندان و پەرەپێدان بە ناسیۆنالیزمی عەرەبی و دژایەتی لەگەڵ ئیسرائیلدا لە لایەکی ترەوە، ئەمریکا و دارە دەستەی و ژاندارمەکەی (شای ئێران) لە ناوچەکەدا هەژاند، بۆیە بیریان لە یاری کردن بە کارتی کوردەکان بۆ لاوازکردنی بەعسییەکان کردەوە.
هاوکات لەگەڵ ئەم بەروارەدا و ماوەیەکی کەم پاش ڕێکەوتنی ڕژێمی بەعس و کوردەکان، ئاشکرا بوو کە ئاماژە بە پرسە گرنگ و ئەوتۆکانی، دەسەڵاتی کوردەکان بەسەر هێزە ئەمنییەکانی ناوخۆ، وەرگرتنی بەشێکی شیاو لە داهاتی نەوت، بەشداریکردن لەنێو پەیکەری هێزی نەتەوەییدا، دیاریکردنی سنوورەکانی ناوچەی خودموختار نەکراوە و پشت گووی خراوە ڕژێمی بەعسیش بە ڕەچاو نەگرتنی ڕێکەوتنەکە، بەرنامەی بە عەرەب کردنی (تەعریب)ناوچە نەوتییەکان دەستیپێکرد و تەنانەت هەوڵی تیرۆرکردنی مەلا مستەفا بارزانی دا. وەها سیاسەتێک کوردەکانی هەژاندەوە و دڵنیای کردنەوە لەوەی کە بەعسییەکان پابەندی ڕێکەوتنەکە نابن. بێگومان بارزانی ماوەیەک پێشتر لەگەڵ شا و ئەمریکا و وڵاتەکانی دیکەدا لە پەیوەندیدا بوو و سەبارەت بە وەرگرتنی یارمەتی بەرامبەر بەغدا، داواکارییەکانی پێشکەش کردبوو. تەنانەت کاتی وتووێژ لەگەڵ ڕۆژنامەی واشینگتن پۆستدا، بەڵێنی دا: «ئەگەر ئەمریکا ئێمە لە بەرامبەر گورگەکاندا بپارێزیت و پشتگیریمان بکات. ئێمە ئامادەی خۆ سازدان لەگەڵ سیاسەتی ئەمریکا لە ناوچەکە داین. ئەگەر پشتیوانییان لە ئاستێکی بەرزدا بێت، ئێمە دەتوانین مەیدانە نەوتییەکانی کەرکووک داگیر بکەین و ڕادەستی کۆمپانیاکانی ئەمریکای کەین تاکوو تێیدا بەرهەم پێک بهێنن.»
ڕێک لە ئەم بارودۆخەدا و لە ساڵی ۱۹۷۲ زایینیدا شا و کیسینجەر داڕێژەر، پەلانی خۆیان بۆ کەڵک وەرگرتن لە کارتی کورد لە عێراقدا جێبەجێ کرد و بە پابەند نەبوونی بەعسییەکان لە ئاست بڕگەکانی پەیماننامەیان لەگەڵ کوردەکاندا و بی متمانەیی و دڵەڕاوکێ کوردان کەڵکیان وەرگرت و یارمەتی و پشتیوانی دارایی و چەکداری سنوورداریان ڕادەستی کوردەکان کرد و دیسانەوە بارزانییان بۆ دەستپێکردنی شۆڕشێکی نوێ لە بەرامبەر بەعسییەکاندا هان دا.
چالاکی و دەستتێوەردانی نهێنی و ئاشکرای شا و ئەمریکییەکان و پەیوەندی نیوەچڵ و لەرزۆکی کورد و بەعسییەکانی زیاتر بەرەو ژەهراوی، هەڵدێر و ڵیڵ بوونی برد و بوو بەهۆی ئەوەی کە دوایین هیواکان سەبارەت بە ئاسایشی و ئارامی سەقامگیری لە نێو کوردستان و عێراقدا بۆ بێ هیوایی بگۆڕێیت.
دەرەنجام لە مانگی مارسی ۱۹۷٤ زایینی بارزانی بە پشتیوانی شای ئێران و ئەمریکا پێکدادانێکی نوێی لە بەرامبەر دەسەڵاتی عێراقدا دەسپێکرد کە لە دەستپێکدا سەرکەوتنی مەزنی بە شوێنەوە بوو.
ڕاپۆرتی چڕ و پڕی ئۆتیس پایک نوێنەری نیویۆرک لەنێو کۆنگرەی ئەمریکادا سەبارەت بە چۆنیەتی دەستتێوەردانی ئەمریکا و سیا و ڕۆڵی کیسینجەر لەنێو شەڕەکانی کورد و بەغدا و نامەی نهێنی کیسینجەر بۆ ڕیچارد هۆلمز باڵیۆزی ئەو کاتەی ئەمریکا لە ئێراندا – کە ئەم ساڵانەی دوایی لەلایەن پەرتووکخانەی نیکسۆندا بڵاو کراوەتەوە – سەبارەت بە چۆنیەتی و ئاستی یارمەتی بە کوردەکانی باشوور، دوو بەڵگەی گرنگی مێژوویین کە ناوەڕۆکیان ڕوونکەرەوەی سیاسەت و ڕامیاری دێوزەمەییانەی کیسینجەر و شا لە ئاست شۆڕش و پرسی کوردەکان لە عێراق دان.
نامەی ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا بۆ هۆلمز لە ساڵی ۱۹۷٤ زایینیدا ئاشکرا دەکات کە شا و کیسینجەر خوازیاری شەڕی گشتگیر یان تەفروتونای عێراق نەبوونە، بەڵکوو دەیانویست عێراق بۆ هاوکاری نەکردن لەگەڵ ڕووسەکاندا ناچار بکەن و بە ئەم کارەیان بۆ ئەوانی تر ڕوون بکەنەوە کە پاڵدانەوە بە ڕووسیا بەکەڵکی هیچ نایەت. سەرەڕای ئەمەش شا هەوڵی دەدا تاکوو نیشان بدات کە ئێران بەهێزترین هێزی ناوچەی کەنداوی فارس و باوەڕپێکراوترین هێز وەکوو ژاندارمی ناوچەکە بۆ بەدیهێنانی ڕامیاری و سیاسەتەکانی ئەمریکایە و دەیویست گرێبەستی سەعداباددا کە بەگوێرەی بڕگەکانی ئەو گرێبەستە سەرجەم ڕێگای شەتەلعەرەب (شط العرب) نێوان دوو دەوڵەتەکە بە عێراق درابوو، هەڵبوەشێنێتەوە.
کیسینجەر ڕیچارد هۆلمز دەکات بەردەنگ و وێڕای پێداگری قووڵ سەبارەت بە پێویستبوونی لەگەڵ شا و ڕادەستکردنی هەر چەشنە یارمەتییەک لەلایەن دەوڵەتی ئێرانەوە زۆر ڕاشکاوانە ڕادەگەیەنێت:«پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆ و خودموختاری کورد لە عێراقدا و چەشنێک دابەشکردنی هەمیشەیی ئەم وڵاتە، بەرهەم و بەرژەوەندی درێژخایەنی ئابووری بەشوێنەوە نابێت و هەروەها نە ئێران نە ئەمریکاش نایانەوێت سەرجەم دەرگاکانی پەیوەندی خۆیان لەگەڵ عێراقدا کە بێگومان بەرهەمی ئەرێنی فراوانی بۆ دوو وڵاتەکە بەشوێنەوەیە، داخەن.»
ساڵی ۱۹۷٥ ساڵێکی یەکلاکەرەوە بوو. لە حاڵێکدا کوردەکان بە پاڵپشتی ئێرانییەکان و ئەو یارمەتییانەی کە لەلایەن ئەمریکاوە پێیان دەگەیشت، سەرکەوتنی مەزنیان بەدەس هێنابوو و دەیان هەزار پێشمەرگەی کورد لە سەرانسەری کوردستاندا بە پشتیوانی چەکداری و چەکخانەیی شا تەنگیان لە ئەرتەشی عێراق هەڵچنیبوو و بەعسییەکان ڕووبەڕووی ترسناکترین مەترسی و هەڕەشە لە مێژوویاندا بووبوونەوە، لەناکاوێکدا دەنگۆ و هەواڵی تاک و تەرا بریتی لەوەی کە دانوستاندنی نهێنی لەنێوان ئێران و عێراقدا دەستی پێکردووە بڵاو کرایەوە. وەکوو ئەوەی ساداتیش ئەگەری ڕێککەوتنی سەددام و شا بە گوێی نوێنەرانی بارزانیدا ڕادەگەیەنێت و ڕاشکاوانە پێشنیاریان پێ دەکات کە لەگەڵ سەددامدا ڕێک بکەون.
بەڵام بارزانی وێڕای بێ متمانەیی تەواوی خۆی بە شا، پەیوەندی لەگەڵ ئەمریکا و وەرگرتنی پشتیوانی دارایی بە گەرەنتی بۆ بەردەوامبوونی پاڵپشتییەکان دەزانێت و چەشنێکی نا ژیرانە و مەترسیدار فریوی پاڵپشتییەکانی ئەمریکا و کیسینجەر خواردبوو.
دانوستاندنی سەرکردەکانی ئۆپێک لە جەزائیردا بە ئامادەبوونی شا و سەددام کۆتایەکی دڵتەزێنی بۆ پەیوەندییەکانی بارزانی و کوردەکان لە لایەکەوە و شا و کیسینجەر و سیا لە لایەکی ترەوە بەدی هێنا و وەکوو خەونێکی ترسناک بۆ کوردەکانی لێ هات.
شا و سەددام نێوانگیری بومێدیێن یەکتریان لە ئامێز گرت و شا کوردەکانی وەکوو دەسوەشانەی ڕێکەوتنی خۆی لەگەڵ دوژمنە دێرینەکەیدا لێکرد.
ماوەیەکی کورت پاش ئەوەی کە عێراق پابەندی بڕگەکانی نێو ڕێکەوتننامەی جەزائیر لە ساڵی ۱۹۷٥ زایینی کە فۆرمولاسیۆن کرابوو ڕاهات، شا و ئەمریکا یارمەتییەکانیان (وەکوو یارمەتی خۆردووخۆراک) بۆ کوردەکانی باشوور ڕاگرت و سنووری ڕۆژهەڵات و باشووریان گرت و ڕێگای پاشەکشە کردنی کوردەکانیان داخست. کوردەکان هەرگیز بە مێشکیاندا نەدەهات کە بەم جۆرە و زۆر سووک و ئاسان پشتگوێ بخڕێنن.
بەڵام دەوڵەتی عێراق دەیزانی ئێران و ئەمریکا لە بەرامبەر ڕێککەوتن و ڕاهاتنی عێراق لەگەڵیان، پشتیوانی خۆیان لە کوردەکان دەبڕن و دەسی بەغدا بۆ سەرکوتکردنیان ئاوەڵا دەکەنەوە.
کوردەکان و سەرکردایەتی شۆڕش کە زۆر گەشبینانە باوەڕیان کردبوو کە هەبوونی ئەمریکا واژۆیەکە لە بەرامبەر «خیانەتی شا بەرامبەر بە کوردەکانە»، زۆر دێر بۆیان ئاشکرا بوو کە ڕاستێکی تاڵ و تەواو گێژکەرە کە لەنێو پەلانی شای وەیشوومە و کیسینجەر، ئەوان تەنیا دارەدەست و ئامراز بوون، پەردەی کۆتایی ئەم شانۆ دڵتەزێنە بە بێوەڕی کردنی کوردەکان لە پاڵپشتی ئێران و گرتنی سنوورەکان لەلایەن ڕژێمی شا وە جێبەجێ کرا. هێزە کوردەکان لە پێکدادانەکانی دوایی دا تەفروتونا کران و بە زەخت و گوشاری شا بارزانی لە خەمناکترین ڕۆژەکانی ژیانیدا ئەمری ڕاگرتنی بەرخودانی (ئاش بەتاڵ)بە هێزەکانی خۆی ڕاگەیاند و بڕی ۱٥۰ هەتا ۳۰۰ هەزار مرۆڤی کورد ناچار بوون بۆ خاکی ئێران هەڵبێن.
ئەمریکا زۆر ئارام و لەسەرخۆ خیانەتی لە هاوپەیمانە کوردەکانی کرد، بەڵام بەگوێرەی دەربڕینی پایک ناخپیسی ئەمریکا لە ئاست هاوپەیمانەکەیدا (کوردەکان) هێشتا بە ئاستی هەرەبەڕزی خۆی نەگەیشتبوو! بارزانی نامەیەکی ئاراستەی کیسینجەر کرد و دڵمەندانە و بە پاڕانەوە داوای یارمەتی لێکرد. بەڵام کیسینجەر تەنانەت زەحمەتی وەڵامی نامەکەی بە خۆی نەدا. لەنێو ئەو نامانەیدا کە دواتر بارزانی ئەو سەردەمەی کە بۆ چارەسەری نەخۆشینەکەی لە ئەمریکادا بوو، لە سکاڵا نامەیەکدا کە بۆ سەرۆک کۆماری نوێی ئەمریکا (جیمی کارتر) و نوێنەرانی کۆنگرەی نووسی بووی: بە چەشنێکی گلەیی گۆنە و بێهیوایانە، سەبارەت ڕەفتار و هەڵسوکەوتی ئەمریکییەکان لە بەرامبەر شۆڕشی کورد گلەیی کرد بوو. ئەو وەکوو پایک پێی وابوو کە شا و کسینجێر خیانەتیان پێ کردووە.
بێگومان ئامانجی ئەمریکا سەرکەوتنی کوردەکان یان دابینکردنی مافی چارەنووس بۆ کوردەکان نەبوو. ڕێکخراوی سیا لەوە دەترسا کە ئەم ڕەوتە هۆکاری درێژەپێدانی شۆڕشەکە بێت و لە ئاکامدا هەستی سەربەخۆیی لەنێو کوردەکاندا پەرە بسێنێت و ئەم مژارە دەرفەتێک بۆ ڕووسیا بڕەخسێنێت تاکوو بۆ هاوپەیمانانی ئەمریکا (تورکیا و ئێران) گێرە و کێشە چێ ببێت. هەر وەها کە لە کاتی ڕیفراندۆمی ساڵی ٢٠١٧لە هەرێمی کوردستاندا، ئەمریکییەکان نە تەنیا پاڵپشتییان لە مافی چارەنووس و سەربەخۆییان نەکرد، بەڵکوو بەگوێرەی دەربڕینەکانی بەڕیز بارزانی کاتی وتووێژ لەگەڵ تۆڕی میدیایی ئەلجەزیرە، تیلەرسۆن وەزیرە دەرەوەی ئەو کاتەی ئەمریکا ڕاشکاوانە دژایەتی خۆی ڕاگەیاند و گوتبووی بێتو ڕیفراندۆم جێبەجێ بکرێت، ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەرێم بۆ سنوورەکانی ۱۹۹۱ سنووردار دەکەن. ڕووداوەکانی پاش ۱٦ ئۆکتۆبەری ئەو ساڵە ڕوونکەرەوەی ئەم ڕاستییەیە کە بنەماکانی سیاسەتی ئەمریکا لە ساڵی ۱۹۹۱ و لەبارەی کوردستانەوە هێشتا لەگەڵ تێڕوانین و بۆچوونەکان کیسینجەر زۆر نەگۆڕاوە.
ڕاپۆرتی چڕ و پڕی پایک لەبارەی چۆنیەتی دەستتێوەردانی ئەمریکا لەنێو بەسەرهاتی کوردەکاندا ڕوونکەرەوەی سیاسەتی نا ئاکاریانە و ئەندێشە و بیرۆکەی ماکیاوەلیستی کیسینجەر وەکوو داڕێژەری ئەم پەلانە نەهات و بێ دەرەنجامەیە. پایک بڕوای وایە کە: «هیچکام لە ئەو وڵاتانەی کە یارمەتی کوردەکان دەدەن، زۆر حەزیان لە بەدیهاتنی دۆزەکانی نەتەوەی کورد و پێکهاتنی وڵاتێکی سەربەخۆ نین.» شا و ئەمریکا بەشوێن لاواز کردن و ماندوو کردنی (دەوڵەتی) عێراقن.
بەگوێرەی بەڵگە و پەیڤەکانی سیا، ئەوان وەک «کارتی یاری» سەیری کوردەکان لە بەرامبەر عێراقدا دەکەن و هەروەها وەک ئامرازێکی ئەرێنی بۆ لاواز کردنی ویستە نهێنییەکانی عێراق لە کایە نێودەوڵەتییەکان دەڕوانن.»
هەر بۆیە ئەمریکا ئەمری کرد کە سەبارەت بە پاڵپشتی چەکداری کوردەکان «پێداگرانە» هەڵسوکەوت بکرێت و هەرگیز ئەوەندە تەقەمەنی و چەکخانەیەک کە بتوانن زیاتر لە سێ ڕۆژ بەردەوام بەن پێیان نەدرێت. تاکوو هەر کاتێک ویستیان بتوانن بەرەنگاریان ببنەوە. ئۆتیس پایک لە ئاکامدا بۆی ئاشکرا دەبێت کە: «سەرۆککۆمار و کیسینجەر و شا هیوادار بوون کە کوردەکان سەرنەکەون، ئەوان پێیان باشتر بوو شۆڕشگێڕان هەتا ئەو شوێنانەی بچنە پێشەوە کە بۆ لاوازکردنی عێراق بەس بێت. کوردەکان کە لەلایەن ئێمەوە بۆ شەڕ هان درابوون، هەرگیز لە ڕاستی ئەم سیاسەتە ئاگادار نەکرانەوە.»
پایک دەڵێت: «ئەگەر ئەمریکا و شا سەبارەت بە شۆڕش هانیان نەدەدان، پێ دەچوو کوردەکان لەگەڵ حکومەتی ناوەندی عێراق ڕێک بکەون، کە لانیکەم ئاستێک لە سەربەخۆیی دەستەبەر بکەن و خوێنی زۆرتر لە ئەو نێوانەدا نەڕژێت. لەباتیدا کوردانی هاوپەیمانی ئێمە شەڕیان کرد، خەسار و لێکەوتەی گیانی و دارایی زۆریان بەسەردا هات و بڕی 200 هەزار نەفەریان ئاوارە و پەنابەر بوون. سەرەڕای ئەمە بەغداش چەشنێکی بەربڵاو دەستی بە تۆڵە کردنەوە لە کوردەکان کرد و بڕی 250 هەزار مرۆڤی کوردی بۆ ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق شار بەدەر کرد و لە هەندێک ناوچەشدا عەرەبەکانی لەجیاتی کوردە شارە بەدەر کراوەکاندا دانا و نیشتەجێی کردن. کسینجێر کە هەرگیز ئامادەی «داوای لێبوردن» بەهۆی هەڵسوکەوت و سیاسەتەکانییەوە نەبوو بە گاڵتە و هەروەها ڕەتکردنەوەی ناوەڕۆکی ئینکاری و لێکۆڵینەوەکانی کۆمیسیۆنی پایکدا وتی:«ئێوە ئۆپەراسیۆن ئەمنی و کاری خێرخوازی تان وەک یەک هاتووەتە پێش چاو…»پایک لە وەڵامدا گوتی «تەنانەت لە چوارچێوەی چالاکی نهێنیدا، بەئەستۆگرتنەکانی ئێمە لەگەڵ نیەتی خراپدا بوو.»
ڕێزی پلەداران و سیاسەتوانانی ئەمریکا بۆ کیسینجەر و کەڵکوەرگرتن لە ڕاوێژ و ڕێچکەکانی ئەو لە ماوەی نیو سەدەدا و لە بواری سیاسەتی دەرەوەدا و هەروەها کاردانەوەی بەرفراوان بەهۆی کۆچی دوایی ئەم دوایین پاشماوەی دەستەی وەزیرانی نیکسۆن، ڕوونکەرەوەی ئەم ڕاستییەیە کە ئەمریکییەکان وێڕای جیاوازی بیروڕایان، پێزان و ڕێزگری خزمەتی بلیمەت و کەسایەتییە کاریگەر و کارامە لە بۆ دەستەبەرکردنی بەرژەوەندییەکانی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکان.
بەلام ڕەوتی گۆڕانکاری شۆڕشەکانی گەلی کورد، ڕووداوەکانی هەرێمی کوردستان، هەڵسوکەوت و کاردانەوەی حیزبەکان و سەرکردەکان، ئەزموونی سێ دەیە حوکمڕانی کوردەکان لە هەرێمی کوردستاندا ئەمەمان پێ دەگەیەنێت کە کوردەکان سەبارەت بە درک و فامی مێژوویان کاردانەوە و هەڵسوکەوتی نائۆمەیدانەیان هەیە. نیو سەدە دوای ڕێککەوتنی مارسی ۱۹۷۰ و سەرەڕای شۆڕشە خوێناوییەکان و تێچوو لێکەوتەی ئێجگار بەرفراوانی ئاستی دەستکەوتەکان و ڕووبەری حوکمڕانی کوردەکان پاش ۱٦ ئۆکتۆبەر و پێشهاتەکانی پاش ڕیفراندۆمی ۲۰۱۷ لە ماف و بڕگە ئەرێنییەکانی نێو ئەو ڕێککەوتننامەی١٩٧٠ ئەولاتر نەچووە و وێڕای نەبوونی شا و کسینجێر لەنێو شانۆی سیاسیدا هێشتا شوێنکەوتنی میراتی نەهاتی ئەوان سەبارەت بە هەڵسوکەوت لەگەڵ کوردەکان و هەرێمی کوردستاندا لەلایەن یاریکەرانی سیاسی ناوچەکە و دەرەوەی ناوچەکە و لە سەرەوەی هەموویاندا ئەمریکا بەردەوامە.
پەڕینەوە لە بابێنی (تەڵە) و میراتی نەهات و وەیشوومە و پڕ تاوان و تەڵە مێژووی شا و کیسینجەر بۆ کوردەکان، پەیوەستی بە خوێندنەوەی چڕی مێژووی، کۆتایی هێنان بە دووبەرەکی زیان باری نێوان حیزبەکان، ئاڵوگۆڕی بنەڕەتی لە ستراتیژ حیزبەکان و و ڕێبازی بنەڕەتی ڕێبەرانی کورد لە پەیوەندی و ترازە نێودەوڵەتییەکان، بەرز ڕاگرتنی بەرژەوەندی نەتەوەیی لە بەرامبەر بەرژەوەندییە حیزبییەکاندا، درک و لێکدانەوەی ئەرێنی سەبارەت بە ئاڵوگۆڕەکان کە لە دونیای بروسکەئاسای ئەمڕۆدا، ناسینی لەپڕ و ڕێکوپێکی بەرژەوەندییەکانی یاریکەرانی زاڵ و حازربوون و بەشداری کردن لەنێو هاوپەیمانی کاریگەر و بەدیهێنەری و بەکورتی فێر بوونی وانە لە مێژوویە. سەرجەمی ئەم فاکتەرانە لەتەنیشت یەکدیدا دەتوانن دۆخی کوردەکان لە عێراق و ناوچەکەدا لە پلەی ئامراز و کارتێکی گوشار بۆ یاریکەرێکی باندۆر و خاوەن پشک و دەستکەوت لە گۆڕانکارییەکان، بەرز بکاتەوە.